ھاوکات ئێمە شاھیدی ئەوەین، کە لەدوای سالی ١٩٩١ تا ئاستێکی باش ئەدەب و رۆشنبیری و نووسینی کوردی ئازادییەکی بە خۆیەوە بینی، کەچی لەپەنا ئەم ئازادییەوە دونیایەک ھەڵەی زمانەوانی و ئیدیۆمی بێ مانا لە وەرگێڕانی ئەو دەقانە بینران و دواتر شاردرانەوە.
لەم روانگەوە بۆ زیاتر قسەکردن لەسەر جۆرەکانی کەتنی ئەدەبی و بەربەست و رێگرییەکانی بەردەم کاری جدی و کوشتنی سەلیقە و توانا کەسیەکان و گاڵتەجارییەکانی گروپچێتی و شارچێتی و حیزبچێتی و چەند تەوەرێکی تر دەخەینە روو لە میانی چەند چاپتەرێکدا.
بەدەر لە تەوەری نەخوێندەواری و ناحاڵیبوونی زۆرێک لە پانتاییە رۆشبیرییەکە، کە لە ئەنجامی بەد رەفتاری و بەھەڵەدا چوونی زۆرێک لە بەناو وەرگێڕ زۆر وترا و ئێمەیش بەپێی بەڵگە و داتاکان دەمانەوێت پێیان بسەلمێنین، کە مامەڵە کردن لەتەک کاری لەم چەشنە (وەرگێڕان) گەمە نیە و بەمە ناوترێت وەرگێڕان، ئەمەی ئێوە ئەیکەن دەلالەتە لەوەی زمان نازان.
لەبەرامبەردا بەپێویستی دەبینین، کە ئاماژە بە زۆرێک لە کارەکتەری کاریگەر و بەرچاوی ناو کایە رۆشنبیرییەکە بکەین (فیکری، ھونەری، ئەدەبی، سیاسی، فەلسەفی.. ھتد)، بەتایبەت لەنێو بازنەی سەلیقەی زمانەوانی و رەگەزەکانی زمانزانی بەشێوە زانستییەکەی، ھاوکات شۆڕبوونەوەی ھەندێکیان بەھەردوو ئاڕاستەکەیدا، چی وردبوونەوە لە قوڵایی شێوەزار و بن زارەکانی ناوخۆ یان بەپێچەوانەوە (زمانەکانی وەڵاتانی دەورووبەر و بەشێک لەنەتەوەکانی جیھان) چ لەرابووردوو یان ئێستا، کاری باشیان کرد، درک بەبەردەوامی زۆرێکیشیان دەکری، کە ماون لەژیاندا و جێی دەستخۆشین، نمونەی (زوھدی داودی و فەلەکەدین کاکەیی و محێدین زەنگنە و حەکیم نەدیم داودی و فازڵ جاف و عەبدولرەزاق بیمار و د.ئاوات ئەسعەدی و عەبدوڵا عەباس و کاوە تاڵەبانی و چەندینی تر).
بەڵام ئەوەی مایەی تێبینی و ھەڵوەستەیە دەبێ ھۆی چیبێ ئەم ھەمووە بۆ جارێکیش خۆیان نەدا لەقەرەی دەقە رەسەنەکانی تایبەت بە(شارستانیەت و کلتوور و مەعریفە و ھونەر و ئەدەب و کەلەپوور و..ھتد) ی واقیعی کوردی بەمەستی بەجیھانی کردنیی یان لانیکەم ناساندنیان بەنەتەوەکانی دەورووبەر لەچوارچێوەی وەرگێڕانی زانستی.
ئەبێ بۆ ئەم تەوەرە چی خوێندنەوەیەکمان ھەبێ و چۆن بڕوانینە ھۆکارەکانی، کەمتەرخەمی بوو یان خەمساردی یان بەمەبەست یان وەک چاولێکەری و ئاڕاستەی ئەو زانا و بیرمەند و شۆڕشگێڕ و نوسەر و ئەدیب و ھونەرمەند و رۆشنبیرە کوردانەی مێژووی کۆن نوێ، کە لەخزمەتی رۆشنبیریی نەتەوەکانی تر ھەگبەی فیکرییان خاڵی کردەوە، نموونە (ئەحمەد شەوقی و ئەیوبی و نیزامی گەنجەوی و ئیبن و تەیمیە و مەعروف رەسافی و مەحمود ملێجی و سوعاد حوسنی و یەلماز گۆنای و سەلیم بەرەکات و عەبدولباست عەبدولسەمەد و عەلی بەدرخان و روشدی ئەبازە و ئیلھام مەدفەعی و دەیانی تر).
خۆ ئەمانیش وەکو کەسایەتی و رەگەز لەسەر کورد ھەژمار دەکرێن، بەڵام وەکو پەروەردی عەقڵی و فیکری و ئینتیماوە نەخێر، چونکە لەناو شارستانیەتی عەرەب و تورک و فارسدا برەویان بە تواناکانی خۆیاندا، لەکاتێکدا ئەم رۆشنبیرانەی نمونەی (فەلەکەدین کاکەیی و زوھدی داودی و ئەوانی تر) کەناومان ھێنان پەروەردەی واقیعی کلتووری کوردین.
بۆیە دووبارە جەخت لەسەر ئەوە ئەکەینەوە، دەبێ لەم رووەوە قسەی خۆیان ھەبێ بەتایبەتی ئەوانەی تا ئێستا بەردەوامن چ لەنووسین چ ئاڕاستەی فیکری یان چی و چی.
ئەمە لەناو ھونەرمەندانیشدا بەروونی ھەستی پێ ئەکرێت، کە ھونەرمەندی کورد نەتوانیوە رەسەنایەتی خۆی بگەیەنێت بەدەرەوە، نمونەی مەقامەکانی (ئەڵاوەیسی و قەتار و خاوکەر و ئای ئای و حەیران و سەفەر و لاوک و ھیجرانی و خورشیدی و دەیان مەقامی تر)، ھەروەھا گۆرانیە رەسەنەکان، کە نەیانتوانیوە بەفەرمی خاوەنداری بکەن و بەجیھانیی بکەن، چگە لەو توانا لۆکاڵییەی، کە لێرەو و لەوێ باسی لێوە دەکەن.
ئەکرێ بڵێین ئەو فەزڵەش بۆ چەند ھونەرمەندێک دەگەڕێتەوە، کە بەئیمکانیەتێکی زۆر موتەوازیعەوە کاریان بۆ کردوو لە رابووردوودا، نمونەی ھونەرمەندان ( عەلی مەردان و محەمەد عارف جزیری و حەسەن زیرەک و تاھیر تۆفیق و کەریم کابان و مشکۆ و خاڵە سێوێ و رەسول گەردی..ھتد).