گەردانە

168
گەردانە
ستار ئەحمەد

 

لە بادەی شەوا ئەستێرە
نیگای روویەکی گەشبینە
خۆر دەسرازەی ورشەی رووتە
لە دەروونی ئەم زەمینە
تۆ تاریکی لە خۆت وەردە
بەدوای بادا هەڵبێ و بڕۆ
عەشق پێگەی بوونی رۆژە
چی داوە لەم گریەو شینە
بەنووزەی خەو دێمە سەر جێ
بۆ بینینی خەونێکی ئاڵ
لە تۆدا گوڵزارم دەڕوێ
هەورمەودای راچەنینە
ئاو بۆ ماچی ئەستێرەیەک
لە گەرووی دەریادا دەمرێ
چ پێویستە رق و کینە
دروشمی ماتەم هەڵگرێ
چۆنە کە گەردانەی شەم بین
لەم ئافاتی بێ ئەوینە
بزانین پەروانە سووتان
چەندە خۆزگەی گڕ و تینە
لەبارە لەنجەی لالەزار
بەسەر سنگی خاکا بڕوێ
چەن قەشەنگە تریفەی شەو
کە مانگێک لە سنگیا بنوێ
لە دووت هێندە ئالوودەبووم
بەتاسەی پشکۆی ژوانەوە
نەمدی هێزێ بتبزوێنێ
بۆ شەو باسی ژیانەوە
وەرە جەفای دڵ بەبا کەین
بە نسرمی سۆزێکی نوێ
کۆرپەی هەستم خرۆشاوە
حەزی وایە بۆ تۆ بدوێ
مەبە دڕکی دوودڵی وێڵ
بە خەمی یەکەوە ئەمرن
هەتاکو کەی چرۆی زوڵفت
رەنگی تابلۆی ئەشکم نەگرن

 

ستار ئەحمەد

 

اترك رد

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني.

آخر المقالات