وەرگێڕانی پێچەوانە..جەنگێک لەگەڵ رۆشنبیری ساختەکار

54
وەرگێڕانی پێچەوانە.. جەنگێک لەگەڵ رۆشنبیری ساختەکار
عەباس جەمیل جێماو
ھەموو شتێک سنووری خۆی ھەیە، سیاسەت، پەیوەندیی، ئارامگری، زێدەڕۆیی، منجڕی کردن لە بەھەڵەدا بردنی خوێنەر بەبیانووی خزمەتکردنی ئەدەبیاتی کوردی و گرنگیدان بە زمان و کولتوورەکەی، جەنگێکە کە یەخەی خوێنەری کوردی گرتووە.
لێرە بەدواوە کە دەبینین ئەو بەناو خزمەتە زیانی زیاترە لە سوود، کەواتە ئیتر دەبێ بەو ئاراستەیە و بەو رێکەوتنەی نێوان بەناو وەرگێڕ و بەناو خزمەتکارانەی ئەدەب و زمانی کوردی بڵێین ستۆپ، ئیتر بەسە ژەھر دەرخواردی خوێنەری کورد دەدەن بەناوی خزمەت، ئیتر بەسە ئەم پاشاگەردانیەی، کە بەناو دەزگا چاپەمەنی و دەزگا رۆشنبیرییەکانەوە دەیکەن، کە بەئاقاری خزمەتکردنی گروپچێتی و شارچێتی و حیزبچێتی پەلیھاویشتووە.
لەبەرامبەردا بڵێین کاتێتی وەرگێڕانی دەقی بیانی بوەستێت و وەرگێڕانی پێچەوانەوە بکرێتە ھەڵمەت و خزمەت بە کتێبخانەی کوردی، بەواتای دەوڵەمەندکردی کتێبخانەی بیانی و عەرەب و فارس و تورکی و ھتد، بە کتێبی کوردی بەڵام بە زمانی ئەوان، ئەمەش ھەم بۆ ئەوان باشترە و دەمانناسن، ھەم بۆ جالیەی کوردی و ھەم بۆ خزمەتی ئینسانی و ھەم بۆ ئەو وزە و توانا کوردیانەی، کە جگە لە کورد کەس نایانناسێ.
ھەڵبەت من بەو رەھاییەش قسە ناکەم، کە توانایی زۆرێک لە وەرگێڕەکان سفر بکەمەوە، بەڵکو ئەگەر سەردەمێک ئەوان نەبونایە ئاگامان لە ئەدەبیات و رۆشنبیری گەلان نەدەبوو، بەڵام ئیتر بەسە، لەپەنای ئەم توانایانەوە ژەھر لە کتێبخانەی کوردی بڕێژن.
ھاوکات بەدەر لەموجامەلە یان ھێرشکردنەسەر لایەک، دەمەوێت لەکۆی قسەکان بەڵانسی ویژدان سەنگی مەحەک بێ و بۆ ھەر تەوەرێک بەپێی داتا و ئیتیکی نووسین، ئاماژەیان پێ بکەین، سەرەتاییترین تەوەری ئەم بابەتەیش، ئاماژەدان بەبیرۆکەی (وەرگێڕانی پێچەوانەیە)، کە دوای ئەوەی تێگەیشتم چەند ساڵێک لەمەوبەر سمکۆ محەمەدی نوسەر و رۆژنامەنووس ئەم تەرحەی کردبوو، کە لەئەزمونی سەفەرەکانی بۆ کتێبخانەکانی عەرەبی و فارسی و ئەوروپییەکان، وەکو خۆی دەیگێڕێتەوە، کە خاڵین لە کتێبی کوردی، ھەروەھا پێشتر لەچەند وتارێکیدا لەسەر ئەم بابەتە نووسیبووی لەساڵەکانی ٢٠٠٩ و ٢٠١٤، پاشان لەئاکاونتی فەیسبووکی یوسف مەنتک، کە بەویژدانەوە باسی بابەتێک کردووە جارێکی تر بابەتەکە سەرنجی راکێشام بۆ نووسین، کە گروپێک چۆن بەناھەق خەونەکانی نووسەر لەچاڵ دەنێن، بەکەڵک وەرگرتن لە بیرۆکەکەی و لەجیاتی برەودان بەو پرۆژەیەو بەنیشتیمانی کردنی، خراپ کەڵکیان لێوەرگرت و بەشەخسەنە کرا، ھەروەک چۆن لەرابووردا چەندین دەزگای زەبەلاحی وەک (ئاراس و سەردەم) و (ئینستیتۆی کەلەپوری کورد لەسلێمانی) و ھتد.. لەبری خزمەتکردنی گشتی، خرانە خزمەت چەند کەسێکەوە.
زۆر جار دەبینین لە وەرگێڕانی دەقێکی بیانیدا، کێشەی ھەرە گەورەی وەرگێڕان، دەستەوەستانی وەرگێڕە یان زاڵنەبوونێتی لەگەیاندنی ماھیەت و بونیادە جەوھەرییەکانی دەقە وەرگێڕدڕاوەکە، بۆ وشە و مەبەستەکانی دەقە بنەڕەتییەکە، لەکاتێکدا ھەر زمانێکیش دەگەڕێتەوە بۆ رۆشنبیرییەکی تایبەت و دیاریکراو، کە دواتر وەرگێڕ وشەکە دەگوازێتەوە بۆ زمانێکی تر، ھەروەھا نزیککردنەوەی ئەو رۆشنبیرییە و سوودوەرگرتن لە کارشناسی یەکتر لەزمانەکان، لەچوارچێوەی کرداری گواستنەوەی بابەتی پشتبەستوو بە بنەما زانستییەکانی زمانزانی و زمانەوانی و لکاندنی بە زانیارییەکانەوە.
بەڵام دەبینین زیاتر لە نیو سەدەیە وەرگێڕی ئێمە ناتوانێت ئەو وشەیە بگوازێتەوە بەشێوە کاریگەرەکەی، کە بتوانێت ھەستی خاوەن وشەکە وەک خۆی بگوازێتەوە بۆ زمانە دیاریکراوەکەی کە مەبەستێتی، یان ناتوانێ کورد بناسێنێ، چەند رەھەندێک وەردەگرێت، ئەویش یان ئەوەتا نایانەوێ دەقی کوردی بناسرێ، یان نایانەوێ بیسەلمێنن زمان نازانن، یان نایانەوێ توانا و بەھرەی نووسەرەکان بناسرێ بەئەوانی تر، وەڵامەکە ھەر کام لەو رەھەندانە بێ، وڵامێکی لاوازە و قانیع پێکەر نییە.
ھاوکات ئێمە شاھیدی ئەوەین، کە لەدوای سالی ١٩٩١ تا ئاستێکی باش ئەدەب و رۆشنبیری و نووسینی کوردی ئازادییەکی بە خۆیەوە بینی، کەچی لەپەنا ئەم ئازادییەوە دونیایەک ھەڵەی زمانەوانی و ئیدیۆمی بێ مانا لە وەرگێڕانی ئەو دەقانە بینران و دواتر شاردرانەوە.
لەم روانگەوە بۆ زیاتر قسەکردن لەسەر جۆرەکانی کەتنی ئەدەبی و بەربەست و رێگرییەکانی بەردەم کاری جدی و کوشتنی سەلیقە و توانا کەسیەکان و گاڵتەجارییەکانی گروپچێتی و شارچێتی و حیزبچێتی و چەند تەوەرێکی تر دەخەینە روو لە میانی چەند چاپتەرێکدا.
– لەخشتەبردنی خوێنەر.
ئەوەی لە زۆرێک لە وەرگێری کوردی دەبینین، ئەوەیە تەنھا زمانە سەرەکییەکەی زمانزانی شارەزایە ئەویش بەکەمی، بۆ نموونە ئەوان ھیچیان گرنگی بەئیدیۆمی زمانەکانی تر نادەن یان شارەزا نیین، ھەروەھا ئەفسانە و شێوەزارو بن زمانەکانی تر نازانن، لەکاتێکدا ھەمووان ئەوە دەزانیین ھەر دەقێکی رەسەن پڕیەتی لە ئەفسانە و شێوەزارو ئیدیۆمی ئەو زمانانە، کەچی خوێنەری کورد شارەزاییەکی لەو کۆدە زمانەوانیانە وەرنەگرتووە، کە وەرگێری کوردی پێی بەخشیوە، بەم ھۆیەوە زۆرێک لە وەرگێڕەکان لە زۆر بۆنەی ئەدەبیدا رووبەڕووی شەرم و رەخنەی توند دەکاتەوە، بۆ نموونە:
” لە وەرگێڕانی بەشێک لە کتێبی (تاجر و البندقیە)ی شکسپیر لەیەکەم وشەوە، وەرگێڕ وەک گەمژەیەک پێناسەی ئاستی وشیاری و رۆشنفیکری خۆی دەکات، رووی راستەقینەی خۆی لەناونیشانی کتێبەکەوە دەخاتەڕوو و بەسەقەتی تەرجەمەی دەکات، لەژێر ناوی (بازرگان و تفەنگ(، کە ئەمە دەیان جار لە کۆنفرانس و ڤیستیڤاڵەکان و نوسین بەکۆمیدیا باسکراوە.
” لە وەرگێڕانی کتێبی (الرجال یحلقون فی السما‌ء) دەکرێتە کوردی بەشێوەیەکی گاڵتەجاڕی (پیاوەکان لە ئاسمان تەراش ئەکەن.
” کتێبی (ئا‌نا کارنینا)ی لیۆن تۆلستۆی دەکرێتە (من و کارنینا).
” کتێبی (جانتا)ی بزورگی عەلەوی، کە لەکۆمەڵە چیرۆکێک پێک دێت، کە لەخانەی اربیل بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە دوای وەرگێڕانی چاپ دەکرێت، پاش خوێندنەوەی دەقە بنەڕەتییەکەی ئەتوانی ھەزار و یەک سوێند بخۆیت، کە ئەمە نەئیشی عەلەوییە و نەکاری ئەو بێت، ھەروەھا لەکوردیش ناچێت ھێند بەسەقەتی تەرجەمە کراوە، بەتایبەت لەرووی زمانەوە.
یان بەدەیان جار بینیومانە وەرگێڕەکان داماون بەدەست وشەیەکی کەلەپوری کوردییەوە کە بنەمای زمانە، ئەویش لەبری بەکارھێنانی وشەی پوش، نووسیویانە گیای وشک.
ھەروەھا چەندین نموونەی تر ھەیە لەو ھەڵمەتی وەرگێڕانەی زمانەکانی دیکە بۆ کوردی بەبێ ھیچ فلتەرێک چاپ کراون.
بەدەر لەمانە کە نامەوێ زۆری لەسەر بڕۆم، نموونەی ریزبەندی ناوی شاعیرەکانی ئێستا و ئەوانەی پێش ئێمە، دەبینیت لە کتێبی (ئەنتۆلۆژیای شیعری کوردی) ناوی کەسانێکی ئاست نزم لە نووسینی شیعردا پێش ناوی مەحوی دێت، ئەبێ ئەم ھەوڵە نەزۆکە چی ناوێکی لێ بنرێت..!؟
ھەروەھا لە (ئەنتۆلۆژیای چیرۆکی کوردی) ھەمان شت، کە لەنووسینی د. ھیمداد حۆسێنی، ھەڵەی لۆژیکی ھەیە.
باشە ئەبێ منی خوێنەر چ گوناھێکم کردبێ وا بەم دەردەمان ببەن و لەبری چێژی زیھنی و ئاشنابوون بە دەورووبەر، ئەم ھەموو ژەھرەمان دەرخوارد بدەن.
لەھەمووشی ناشیرینتر پڕۆسەی بەچاپگەیاندنی سەدان کتێبی کرچ و کاڵ و درووستکردنی سەدان کۆلکە نووسەر، لە ئەنجامی ئەو ململانێ حیزبی و شارچێتییەی، کە لەناو یەکێتی نووسەرانی کورد دەکرا، لەپەنا پەردەی زیاد کردنی ئەندام و فراوانکردنی پانتاییەکە، سەرەتاییترین مەرجی وەرگرتنی ئەندام لە ریزی یەکێتی نووسەران و ناساندنیان وەک نووسەر، چاپکردنی کتێبە و دەبێ دوو کتێب کەمتری نەبێ، کە ئەمەش بۆ خۆی حەشاماتێکی کۆلکە نووسەری لە ناو کایەکە قیت کردەوەو وەک نووسەر ناساندنی و پێناسی ئەندامێتیشی بۆ درووست کردن، ئەمە لە ھەردوو سەندیکای رۆژنامەنووسان و ھونەرمەندانیش پەیڕەوکرا، کە زیاتر بۆ مەبەستی بەدەستھێنانی دەنگبوو، کە لەکاتی کۆنفرانس و کۆنگرەکاندا دەنگی پێویست مسۆگەر بکەن.
– دەزگا چاپەمەنییەکان و دوکانی کتێب.
سەرباری ئەو شەڕ فرۆشانە، کە یەخە بە رەوتەکە بەرنادەن، سەردەمێکی ناجۆر ھاتۆتە ئاراوە لە سلێمانی و ھەولێر، بێ گەڕانەوە بۆ ھیچ پڕەنسیپێکی زانستی یان بێ گوێدانە ئیتیکی رۆشنگەری، کۆمەڵێک گەنجی نەخوێنەواریان ھێناوەتە کایەوەو دەزگای چاپەمەنیان بۆ کراوەتەوە و بەبێ شارەزایی و ئەزموون کتێب چاپ ئەکەن بێ ھیچ پێشینەیەکی رۆشنبیری، لەکاتێکدا کاری لەم جۆرە پیویستی بە توانای رۆشنبیری و خوێنەری بەتوانا و ئەکادیمی ھەیە، کە ببنە بۆردی رۆشنبیری و لە پشتی ئەو دامەزراوانەوە بن، ھەر ئەوەی ماوەیەک بینیمان تەنھا بۆ بازار گەرمکردن و کتێب فرۆشتن بە خوێنەری داماوی کورد، ئەویش کتێبەکانی مەولانای رۆمی و کافکا و عەزیز نەسین و.. ھتد، ئەمە جگە لەوەی ھیچ کامێک لەو کتێبانەی چاپ کراون فلتەری زمانەوانیان نەبینیوە و ھیچ زانیاریەکیشیان لەسەر کتێبەکە نییە، ئەو نەوەیەی کە ھاتوون دەزگایان بۆ کراوەتەوە، بنەچەیەک و بونیادێکی رۆشنبیری کۆنی سەردەمی ھەشتاکان و حەفتاکانیان نییە.
– پێداگیری لەسەر بە تەرجەمە کردنی دەقی کوردی.
پێ دەچێت کێشە کەڵەکە بووەکانی رەوتی رۆشنگەری لە ئێستادا چەندایەتی نەبێت، بەڵکو چۆنایەتی و جۆری بێت، بەوپێیەی کە کەیسەکان بەگشتی دەستی بەسەردا گیراوە، یان بێدەنگ کراون یان رێگری لە ئاشکرابوونی کراوە بۆ دەرەوەی خۆمان، کە تێیدا دەخولێتەوە، ئەگەرچی پێشتر دەبینین ھەنگاو نەنراوە بۆ بەناساندنی رۆشنبیری کوردی چ وەک عەقڵ و فیکری و ئەدەبییەکان یان لەرووی کەڵچەر و ئەو فرەییەی لەناوچەکەدا بوونی ھەیە.
بۆیە کاتێک ئێمە پەنجە لەسەر ئەم بابەتە دادەنێین، خەڵکانێک بۆ داپۆشینی دزییە ئەدەبیە‌کانیان و شاردنەوەی راستییەکان، ئەم بیرۆکەیە وا ناو دەنێن، کە گوایە ئەم فەرزکردنە بەسەر وەرگێڕدا بیرۆکەیەکی دیکتاتۆریانەیە، لەکاتێکدا مەگەر بۆ ئەوەی تر، ئەو لێشاوی وەرگێڕانە لەزمانەکانی ترەوە بۆ کوردی دکتاتۆریانە نییە، کە ژەھر دەرخواردی خوێنەری کورد بدەن..!؟
تێرمان خوارد لەم قسانە و ئەبێ کەی بناسرێین، لەو بڕوایەدام بەشێک لەو رێگریانە بۆ ئاشکرا نەبوونی گزی ئەدەبی کوردییە لە ئەدەبی ئەوروپی و عەرەبی و فارسی و ھتد، ھەروەھا لە بوارەکانی تر، بەشەکەی تریش مەترسی توانایە لەبەرامبەر توانا جددیەکان، لەمبارەوە بەپێویستی دەزانم وەکو وەڵامدانەوەیەک، ئەم راستییانە بخەمە روو:
” گرنگیدان بە ئاسایشی نەتەوەیی لە رووی ناساندنی شارستانیەت و شوناسی فیکری و مەعریفی و ھەروەھا کەلەپوور و کەڵچەر و شوناس و فرەیی و ئاستی رۆشنبیری.
” بەجیھانی کردنی توانای کەسی و ناساندنیان لە ناوەندە فیکری و رۆشنبیرییەکانی جیھاندا.
” رزگارکردنی شاندی کوردی لەو شەرمەزاریەی، کە لەبۆنە و ھەماھەنگیە نێودەوڵەتیەکان، لەدەرەوەی وڵاتسازدەدرێت، بەتایبەتی وڵاتانی عەەربی و فارس و تورک، کە زۆر نزیکن لە کوردەوە، کە زۆر جار نەیانتوانیوە وەکو پێویست وەڵامیان ھەبێ، بەھۆی درێژەکێشانی ئەم دەردەوە، کە پێداگیری لێ دەکەین.
” رزگارکردنی کولتور و رۆشنبیر‌یی کوردی وەک زەمینە سازییەک بۆ فەراھەمکردنی بونیادە مەعریفییەکان بۆ نەوەکانی ئایندە، کە بەنیازن لەدەرەوەی وڵات بخوێنن.
” دەرگا کردنەوە لەسەر خۆمان و دەربازبوون لەو گۆشەگیرییەی، کە ‌رۆشنبیری کوردی قەتیس کردووە لە گۆشەیەکی جوگرافی.
” ھەڵماڵین و ئاشکرا کردنی ئەو ھەموو ئیقتیباس و گزیانەی، کە لەئەنجامی نەناسینی دەقەکان لەلایەن ئەوانەوە (خەڵکی بیانی.. زمانەکانی تر)، چونکە ئەگەر بەزمانی خۆیان شتەکانی ئێمە نەخوێننەوە، لەھیچی ئێمە ناگەن و نازانن چ کارەساتێکی ئەدەبی و رۆشنبیری روویداوە.
– وەرگێڕانی چەند بارە.
لێرەدا ئەوەی جێی سەرسووڕمان بێ، وەرگێڕانی چەند بارەیە، کە وەک خویەکی گاڵتەجاڕی سەریھەڵداوە لەنێو زۆرێک لە وەرگێڕەکان، نموونەی کتێبەکانی (جەنگیز ئەتیمانۆڤ، عەزیز نەسین، سینۆھە، کتێبی دایک، ھەروەھا کێڵگەی ئاژەڵان پێم وابێت چوار جار کراوە بەکوردی و ھەریەکەو بە شێوەیەک.. ھەروەھا وێرانە خاکی (ت. سی. ئیلیود) کە یەکەم جار لەلایەن مەحمود زامدارەوە تەرجەمە کرا و پاشان کەسێکی تر دوبارە تەرجەمەی کردەوە، ھەوەرھا بەھەمان دەرد بردنی (واعیزەکانی سوڵتان)ی عەلی وەردی، کە شەش کەس تەرجەمەی بۆ کردووەو کتێبی (وەھای وت زەردەشت)ی نیچەش، کە چوار جار وەرگێڕانی بۆ کراوە، ھەروەھا (بنەماکانی کۆمەڵناسی)ی ئەنتۆنی گیدنز، کەچاپکردنی لە ژمارە نایات.
کێشە لەوەدا نییە چەند جار وەرگێڕانی بۆ کراوە بەقەد ئەوەی ئەگەر ئەو کتێبانە ھەر یەکەیان بەراورد بکەیت لەگەڵ دەقە بنەڕەتییەکەی ھەست ناکەی نووسینی ئەوان بن، یان لەلایەکی ترەوە بەراوردی یەکیان بکەین (دەقە وەرگێڕدراوەکان) ھیچیان لەیەک ناچن.
ھەروەھا رۆمانی (مسخ)ی کافکا، کە جەلیل کاکە وەیس کردوویەتی بەکوردی بەناوی (بەد گۆڕان) کە دوو سێ کەسی تر کردویانەتەوە، بەناونیشانە عەرەبییەکەی بەناوی (مسخ)، ئێمە تەنھا دەقە عەرەبیەکەمان لەبەردەستە، کاتێ بەراودیان دەکەین ھەزار و یەک تێبینیت لا گەڵاڵە دەبێت لەسەریان، چ جا ئەبێ لە دەقە ئەسڵییەکەیدا چی باس بێ، کە لەبنەڕەتدا بەزمانی چیکی نووسراوەتەوەو ئێمە لێی تێناگەین، ھەروەھا چەندان نموونەی تر.
ھاوکات وەک ئاماژەیەک بۆ قەسیدەی (دەنگی پێی ئاو)ی سوھرابی سوپێھری، کە زیاتر لە دوو جار کاری وەرگێڕانی بۆ کراوە، بەپێویستم زانی ئاماژە بەجوان وەرگێرانێ یەکەم جاری بکەم، کە لەلایەن ئازاد بەرزنجی و رێبوار سیوەیلی وەرگێڕدرابوو، پاشان کەسانێکی دیکە دین بەھەمان مەبەست (دووبارە وەرگێڕان)ی بۆ دەکەن و کاتێ ئەخوێنیتەوە لە شکاندنی سەروچاوی دەقەکە بەلاوە ھیچی دی ھەست پێ ناکەیت، گوایە کاری وەرگێڕانی جدی بۆ کراوە.
لەمڕوانگەوە و ھەر سەبارەت بە دووبارە و چەند بارەی وەرگێڕان، ئەمە لەناو وڵاتانی دیکەشدا ھەیە، بەڵام ئایا بەمشێوەی لای ئێمە، کە پێمان وایە جگە لە چاولێکەری و خۆ دەرخستن یان وەک خویەکی ناجۆر بیانەوێ بڵێن ئێمەیش کتێبمان ھەیە، ھیچی تری لێ نادووریتەوە.
دەکرا بیرکردنەوەکان بەچەشنێکی تر بوایا، بۆ نموونە کورد خاوەنی چەندین شێوەزاری دەوڵەمەندە لە رووی زمانەوانی و ھەروەھا ھونەری ئاخاوتن، دەکرا ئەو چەند بارە وەرگێڕانەیە بۆ شێوەزارە جیاکان بکرایە، نەک لەیەک دەڤەردا چەق ببەستێ.
– قەیرانی کتێبی کوردی لەدەرەوەی کوردستان.
قەیرانی کتێبی تەرجەمەکراوی کوردی لە باڵی ئەو کتێبخانانەی دەرەوەی وڵات لەنێو کتێبخانەکانی وڵاتانی پێشکەوتووی وەک ئەمریکا و ئەڵمانیا و فەرەنسا و سوید. و ھتد، قەیرانێکە کە خودی بەڕێوەبەرانی کتێبخانەکانیشی بێزار کردووە، چونکە ھەم کتێبی کوردی کەمی تێدایە، ھەم خوێنەری کوردی سەردانی ناکەن.
لەکاتێکدا ساڵانە تەنھا حکومەت و دەزگا بەناو چاپەمەنییەکان دەچنە پێشانگای نێودەوڵەتی فرانکفۆرتی ئەڵمانیا و پێشانگای کتێبی میسر و پێشانگای کتێبی تاران و سنە..تاد، بە مەئیوسی کتێبەکان لەگەڵ خۆیان دەھێننەوە.
یەکەم: لەبەر ئەوەی کتێبەکان نافرۆشرێن و ئەوان کتێبی کوردیان گەرەکە بە زمانی خۆیان، کە ئەمەش نییە.
دووھەم: ئەو کتێبانە بەکەڵکیان نایات وەکو داتای ئەدەبی نوێ، لەوەش خراپتر ئەوەیە ئەو کتێبانە دەگەرێننەوە بۆ کوردستان و عەقڵیان پێدا ناشکێ لانیکەم لەوێ بیبەخشن بە جالیەی کوردی یان لە کتێبخانە نێودەوڵەتییەکان دایبنێن.
زۆر جار و بەھۆکاری جیاواز، چ ئاگادار کردنەوەمان لەلایەن ھەندێ لە رەوەندی کوردی، یان برادەرمان ھەبووە چووەتە ئەوروپا دەستەو وەستان بەدیار کتێبە کوردیەکانەوە دۆش داماون و ترسی ئەوەیان لێنیشتووە،‌ کە گوایە کار گەیشتۆتە ئەوەی ئەو باڵانە دابخرێن، کەتایبەتن بە کتێبی وەرگێڕدراوی کوردی لەنێو کتێبخانەکانیان، کە ئەمە بۆ خۆی بەرکەوتەیەکی ناجۆر و سڕینەوەو پەراوێزخستنی رۆشنبیرییەکەی دەگەیەنێت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.. بۆ نموونە بە پێی ئەو داتایانەی من دەستم کەوتووە:
” لە کتێبخانەی گەورەترین زانکۆ، نموونەی زانکۆی لوند و ئۆپساڵا لە سوید، کۆی کتێبە کوردییەکانی لە باڵی کوردی دە کەمترین کتێبی تێدایە.
” ھەروەھا لە کتێبخانەی زانکۆی بوخم لە ئەڵمانیا، کە بە گەورەترین زانکۆی ئەڵمانی دادەنرێت، شتێک نییە بەناوی باڵی کتێبی کوردی، لەکاتێکدا زۆرترین خوێندکاری کوردی تیایدا دەخوێنن.
” ھەر لەمڕوانەگەیەوە لەسەردانێکم بۆ کتێبخانەکانی ئەسکەندەریەو کتێبخانەی نیشتیمانی لەمیسر، کتێبێکی کوردیم بەرچاو نەکەوت.
” ھەروەھا خاڵیبوونی کتێبخانەی وڵاتە عەرەبیەکانی نموونەی لوبنان و ئیمارات ..ھتد، لەکتێبی کوردی.
” لەھەموو ئەوانە خراپتر ئەوەیە، کە لە بەغدای پایتەختی عێراقیش کتێبی کوردی نییە، تەنانەت ئەو پردە پەیوەندیەش نەماوە، کە لەسالەکانی ١٩٨٠ و حەفتاکان بەدوا درووستکرابوو.
ئەوەشیی جێی سەرسوڕمان بێ لە دوای (٢٠٠٣)وە بینیمان دەسەڵاتی کوردی ئەوەندەی شەڕی بەدەستھێنانی وەزارەتی دارایی دەکرد ئەوەندە باسی وەزارەتی رۆشنبیری نەدەکرد، باکی بەم بوارە نەبوو.
– وەرگێڕان و ئامادەکردن بەدەستکارییەوە.
جیا لەو لێشاوی شێواندنەی، کە لەچەند نموونەیەکدا باسمان لێوەکردن، دەبینین ھەندێک دەقی وەرگێڕدراو ھەیە دوای وردبوونەوە لێی وەک قوربانییەک دێتە پێش چاو، کە بێ گەڕانەوە بۆ وەرگرتنی رەزامەندی خاوەن دەقە بنەڕەتییەکە، ئیدی قوربانی دەستبەسەراگرتن یان لاقەکردن یان لەکەدارکردن یان پەڕوپۆکردنی لەشێوەی مەلەکەی مەلا نەسرەدین، کە لەئەنجامی رێگە بە خودانی ھەندێک وەرگێڕ، وەک دەستدرێژیکارێک، بەبەرگێکی ترەوە بیخاتە بازاڕ (وەرگێڕان و ئامادەکردن یان وەرگێڕان بەدەستکارییەوە) یان دانانی کتێبی فیکری و فەلسەفییەکانی پڕ زانیاری پشتبەستوو بەسەرچاوە، لەکاتێکدا کەمترین سەرچاوەیان ئاماژە پێکردووە، نموونەی.
” کتێبی ئەدەب و ئەفسانە ھەروەھا ھزر و فەلسەفە و ھتد کە بە نووسین و ئامادەکردن پێناس کراوە، لەکاتێکدا پێکھاتەی کۆمەڵە وتارێکی کۆکراوەیە، کە دەستکارییەکە جێگەی تێڕامانە بۆچی بە دەستکارییەوە.!؟
” کتێبێکی ٣٠٠ پەڕی ھەیە بەناونیشانی (سیستمی سیاسی) کە ناونیشان کتێبەکەیە لەبەرگی پێشەوە لەکاتێدا ناونیشانێکی تر ئەبینین لە بەرگی دواوەی ھەمان کتێب، بۆیە نازانین ناونیشانی پێشەوە وەربگرین یان دواوەی کتێبەکە، کە نووسراوە (ھزری فەلسەفەی سیاسی)، کە پشتی بە ٢٨ سەرچاوە بەستووە، و سێی و چوار لەو سەرچاوانەشی ھی نووسەرە، کە لەنووسینەکانی تریدا باسی لێوە کردوون، کە لەسەردە‌می پێش ئیسلامەوە پیایدا ھاتووە، لەکاتێکدا ئەمە قورسترین بابەتی رۆشنبیری و نووسینە.
ئایا بەڕەوای ئەبینن کتێبێکی لەو ئاستە پشت بەکەمترین سەرچاوە ببەستێت، ئەمە بۆ خوێنەر بەجێ دێڵم.
– ئیستیغلال کردنی نووسەرانی پارچەکانی دیکەی کوردستان و لێسەندنەوەی خاوەندارێتی بەرھەمەکانیان.
ھەموو ئەمانەی باسمان لێوەکردن ھێشتا بواری گفتوگۆ و چارەسەری بۆ ھێشتوینەتەوە ئەگەر بڕیار بێ کاری بۆ بکرێت.
بەڵام ئەوەی زۆرترین پانتایی و ئەوپەڕی سنووری بێ رەوشتی تێپەڕاندبێ لە چەقی بوارەکەدا، پەیدابوونی گروپێکی ھاوشێوەی بازرگانەکانی کورد، کە خەریکی کاری خراپتر لە مادەی ھۆشبەر و تەھریبن، کە زۆر بەئاستەم ھەستی پێ ئەکرێت، ئەویش ئەو دزی و فرت و چاوبەستنەیە بەقایل کردنی بەشێک لەنووسەران و وەرگێڕی رۆژھەڵات و باکور، لەبەرامبەر ھەندێ پارە، دەست ھەڵبگرن لە خاوەندارێتی کارەکانیان و لێرە بەناوی خۆیان بڵاوی دەکەنەوەو پاداشتەکەش بۆ ئەو نووسەرە داماوانە رەوانە بکەن، زۆر جاریش پاداشتەکانیشیان خوراوە.
یان خودی ئەو نووسەر و وەرگێرانەی شارەکانی مەھاباد و سنە و سەقزو مەریوان.. و ئامەد و شارەکانی دیکەی کوردستانی تورکیا..تاد، کە بەمەبەست نایانەوێت ناویان بھێنرێت وەک خاوەنی ئەو دەق و نووسینانە بەھۆی ئەو ترسەی، کە لە دەسەڵاتی سیاسی و حوکمی ئاخوندەکان و دەسەڵاتی تورکی بۆ ھەمان مەبەست و بەھەمان شێوە مافیان دەخورێ لەلایەن بەناو رۆشنبیر و نووسەر و وەرگێرە کوردەکانی باشور.
– توانا کوژراوەکان.
کاتێ نووسەرێکی جدی، خاوەن دەقێکی فیکری بۆ نموونە، دەیەوێت روو لە ناوەندەکانی پەخش و بڵاکراوەکان بکات بەمەستی پێدانی ژمارەی بڵاوکردنەوەو تۆمارکردنی لەناو تۆماری زنجیرە بڵاوکراوەکان، ھەزار و یەک بڕوبیانووی بۆ دێننەوە و دەبێ ماوەیەکی دوور و درێژ ئەمسەر و ئەوسەری پێ بکرێ، پاشان ئەگەر ژمارەی پێ بدەن، لەکاتێکدا کۆی دەقە کرچ و کاڵ و یان شتە سادەکانی رۆژانە و یان شیعر و چیرۆک..ھتد، لەھەمان رۆژی داواکارییەکەی ژمارەی پێدەدرێت، کە ئەمە بۆ خۆی قسە زۆر ھەڵدەگرێت و مایەی ھەڵوەستەکردنە.
لەلایەکی تر چاوچنۆکی زۆرێک لە دەزگاکانی پەخش و بڵاوکردنەوە بەبیانووی نەفرۆشتنی کتێبەکان نەک چاپی ناکەن، بەڵکو سەری کتێبەکانیش دەخۆن، کە پێیان سپێردراوە بەمەبەستی چاپکردنی، نمونەی ونکردنی بە ئەنقەستی دوو کتێبی نووسەر و روناکبیری رەوانشاد (ئازاد سوبحی)، لەلایەن ناوەندی رۆشنبیری ئەندێشە لەسلێمانی.
ھەروەھا رێگری کردن لە بڵاوکردنەوەی کتێبەکانی عەبدولخالق بەرزنجی لەوڵاتە عەرەبییەکان، چونکە نەحکومەت نەدەزگا چاپەمەنییەکان نەیانتوانیوە پردی پەیوەندیی دروست بکەن لەگەڵ ئەو وڵاتە عەرەبیان، کە دواتر لەچاپتەری رێگریەکانی بەردەم بڵاوبوونەوە وەرگێڕانی پێچەوانە بەتێروتەسەل باسی لێوەدەکەین.
– رێگری کردن لە بڵاو بوونەوەی وەرگێڕانی پێچەوانە.
کاتێ قسە لەسەر پێداگیری لەبڵاوکردەنەوەی وەرگێڕانی پێچەوانە دەکەین، مەبەست لەوە نییە رێگڕی لە توانا کەسییەکان بکرێ بەبڵاوکردنەوەی کتێبەکانیان لەوڵاتانی تر بەڵکو قسەکردنە لەسەر بێمنەتی و فەرامۆشکردنی ئەو پڕۆسەیە لەلایەن حکومەتەوە ھەروەھا دەزگاکانی پەخش و بڵاوکردنەوە، کە تائێستا نەیانتوانیوە پردێکی پەیوەندیی بۆ کرانەوە بەرووی جیھاندا بکەنەوە، یان لانیکەم وڵاتانی دەورووبەر، کە دەبوو ئەمە لە ئەولەوییەتی کارەکانی وەزارەتی رۆشنبیری و دەستەی راوێژکاری سەرۆکە یەک لەدوای یەکەکانی حکومەتەوە بووایا، بە حکومەتی ئێستاشەوە.
بۆیە کاتێ باسەکە دێتە سەر وەرگێڕ، ئێمە چاک ئەزانین وەرگێڕی باشمان ھەیە، بەڵام ناھێڵن ئەو ئەزمونە بەرجەستە بێت بەئەنقەست، ھەزار و یەک بیانوی بێمانا دێننەوە بۆ کەمتەرخەمییەکەیان.
– خەمساردی بەشێک لە زمانزانەکانی کورد لە برەودان بە پڕۆسەی وەرگێڕانی پێچەوانە.
بەدەر لە تەوەری نەخوێندەواری و ناحاڵیبوونی زۆرێک لە پانتاییە رۆشبیرییەکە، کە لە ئەنجامی بەد رەفتاری و بەھەڵەدا چوونی زۆرێک لە بەناو وەرگێڕ زۆر وترا و ئێمەیش بەپێی بەڵگە و داتاکان دەمانەوێت پێیان بسەلمێنین، کە مامەڵە کردن لەتەک کاری لەم چەشنە (وەرگێڕان) گەمە نیە و بەمە ناوترێت وەرگێڕان، ئەمەی ئێوە ئەیکەن دەلالەتە لەوەی زمان نازان.
لەبەرامبەردا بەپێویستی دەبینین، کە ئاماژە بە زۆرێک لە کارەکتەری کاریگەر و بەرچاوی ناو کایە رۆشنبیرییەکە بکەین (فیکری، ھونەری، ئەدەبی، سیاسی، فەلسەفی.. ھتد)، بەتایبەت لەنێو بازنەی سەلیقەی زمانەوانی و رەگەزەکانی زمانزانی بەشێوە زانستییەکەی، ھاوکات شۆڕبوونەوەی ھەندێکیان بەھەردوو ئاڕاستەکەیدا، چی وردبوونەوە لە قوڵایی شێوەزار و بن زارەکانی ناوخۆ یان بەپێچەوانەوە (زمانەکانی وەڵاتانی دەورووبەر و بەشێک لەنەتەوەکانی جیھان) چ لەرابووردوو یان ئێستا، کاری باشیان کرد، درک بەبەردەوامی زۆرێکیشیان دەکری، کە ماون لەژیاندا و جێی دەستخۆشین، نمونەی (زوھدی داودی و فەلەکەدین کاکەیی و محێدین زەنگنە و حەکیم نەدیم داودی و فازڵ جاف و عەبدولرەزاق بیمار و د.ئاوات ئەسعەدی و عەبدوڵا عەباس و کاوە تاڵەبانی و چەندینی تر).
بەڵام ئەوەی مایەی تێبینی و ھەڵوەستەیە دەبێ ھۆی چیبێ ئەم ھەمووە بۆ جارێکیش خۆیان نەدا لەقەرەی دەقە رەسەنەکانی تایبەت بە(شارستانیەت و کلتوور و مەعریفە و ھونەر و ئەدەب و کەلەپوور و..ھتد) ی واقیعی کوردی بەمەستی بەجیھانی کردنیی یان لانیکەم ناساندنیان بەنەتەوەکانی دەورووبەر لەچوارچێوەی وەرگێڕانی زانستی.
ئەبێ بۆ ئەم تەوەرە چی خوێندنەوەیەکمان ھەبێ و چۆن بڕوانینە ھۆکارەکانی، کەمتەرخەمی بوو یان خەمساردی یان بەمەبەست یان وەک چاولێکەری و ئاڕاستەی ئەو زانا و بیرمەند و شۆڕشگێڕ و نوسەر و ئەدیب و ھونەرمەند و رۆشنبیرە کوردانەی مێژووی کۆن نوێ، کە لەخزمەتی رۆشنبیریی نەتەوەکانی تر ھەگبەی فیکرییان خاڵی کردەوە، نموونە (ئەحمەد شەوقی و ئەیوبی و نیزامی گەنجەوی و ئیبن و تەیمیە و مەعروف رەسافی و مەحمود ملێجی و سوعاد حوسنی و یەلماز گۆنای و سەلیم بەرەکات و عەبدولباست عەبدولسەمەد و عەلی بەدرخان و روشدی ئەبازە و ئیلھام مەدفەعی و دەیانی تر).
خۆ ئەمانیش وەکو کەسایەتی و رەگەز لەسەر کورد ھەژمار دەکرێن، بەڵام وەکو پەروەردی عەقڵی و فیکری و ئینتیماوە نەخێر، چونکە لەناو شارستانیەتی عەرەب و تورک و فارسدا برەویان بە تواناکانی خۆیاندا، لەکاتێکدا ئەم رۆشنبیرانەی نمونەی (فەلەکەدین کاکەیی و زوھدی داودی و ئەوانی تر) کەناومان ھێنان پەروەردەی واقیعی کلتووری کوردین.
بۆیە دووبارە جەخت لەسەر ئەوە ئەکەینەوە، دەبێ لەم رووەوە قسەی خۆیان ھەبێ بەتایبەتی ئەوانەی تا ئێستا بەردەوامن چ لەنووسین چ ئاڕاستەی فیکری یان چی و چی.
ئەمە لەناو ھونەرمەندانیشدا بەروونی ھەستی پێ ئەکرێت، کە ھونەرمەندی کورد نەتوانیوە رەسەنایەتی خۆی بگەیەنێت بەدەرەوە، نمونەی مەقامەکانی (ئەڵاوەیسی و قەتار و خاوکەر و ئای ئای و حەیران و سەفەر و لاوک و ھیجرانی و خورشیدی و دەیان مەقامی تر)، ھەروەھا گۆرانیە رەسەنەکان، کە نەیانتوانیوە بەفەرمی خاوەنداری بکەن و بەجیھانیی بکەن، چگە لەو توانا لۆکاڵییەی، کە لێرەو و لەوێ باسی لێوە دەکەن.
ئەکرێ بڵێین ئەو فەزڵەش بۆ چەند ھونەرمەندێک دەگەڕێتەوە، کە بەئیمکانیەتێکی زۆر موتەوازیعەوە کاریان بۆ کردوو لە رابووردوودا، نمونەی ھونەرمەندان ( عەلی مەردان و محەمەد عارف جزیری و حەسەن زیرەک و تاھیر تۆفیق و کەریم کابان و مشکۆ و خاڵە سێوێ و رەسول گەردی..ھتد).
بۆیە لەم سەرو بەندەدا ئەوەمان بۆمان رووندەبێتەوە، کە کورد متمانەی بەخۆی نەبووە، یان روونتر بڵێم بەلایەوە گرنگ نەبووە کێ بێت یان چییە و یان چی کردووە و چی ئەکات، بەقەد ئەوەی ھەمیشە لەھەوڵی ناسینی خەڵکی تر بووە.
ئەمە لە سیاسەتیشدا بەھەمان رێچکە گوزەری کردووە، کاتێک ئەڕوانیتە دەسەڵاتی سیاسی و پێکھاتەی ئەحزابی کوردی لەم پارچەدا، دەبینیت لەفۆڕمدا بەزۆری لەژێر کاریگەری فیکری رۆژئاوایی (ئەوروپا)، میتود و دیسپلینی کاری حیزبی داڕشتووەتەوە، لەجەوھەریشدا نەیتوانیوە وەک خۆی بێ و بەئاڕاستە جەوھەرییەکەیدا بڕوات، کەویستویەتی بەردەوام موجامەلەی کەنیسە و ئیسلامی سیاسی بکات و روونتر بەمەبەستی رازیکردنی بیری ناسیۆنالیستی عەرەبی بووە.
ئەکرێ بڵێین ئەمەش ھۆکارێکی سەرەکیە بۆ دیاریکردنی ئاڕاستەکان بەو شێوەیە، کەباسمان لێوەکردن، کە کورد بەدرێژایی مێژوو لە خزمەتی زمان و فیکری ناسیۆنالیستی عەرەبیدا بووە بەبەردەوامی، نەک ناساندی خۆی، کاتێکیش دەڵێن کورد بە واتای کوردی دیندار و بێدین، موسڵمان بێ یان یەزیدی یان کاکەیی و تاد.
– رەھەندە جوانەکانی وەرگێڕان.
بێ گومان بۆ ھەر گرنگیدانێک و برەودان بەرەوتەکە (وەرگێڕان) و مامەڵەی کارەکتەرەکانی لە تەک موفرەداتەکان بەوشیاریەوە، بۆ خۆی سەلمێنەری ئەو راستیانەن، کە ناکرێ لە ئاستیاندا چاو دابخرێن و ئاماژەیان پێ نەکرێت، ھەروەک چۆن ئەمە لەناو کایە ھونەری و رۆژنامەوانیەکانیشدا ناویان بەڕێزەوە دێ.
بۆیە بەپێوستم بینی، ناوی بەشێک لەو وەرگێڕانە وەک خۆی بێنم، کە توانیویانە تا ئاستێکی باش جێ پەنجەی خۆیان بۆ مێژوو لەناو پانتاییەکە بەجێ بھێڵن،.. نمونەی:
د. بەختیار سەجادی لەکوردیەوە بۆ فارسی، عەزیز گەردی لەزمانی ترەوە بۆ کوردی بەڵام بەجوانی، د. بەندەر عەلی ئەکبەر شاکە لەکوردیەوە بۆ عەرەبی، شەماڵ ئاکرەیی لەکوردیەوە بۆ عەرەبی، جومعە جەباری لەکوردیەوە بۆ عەرەبی، نەوزاد ئەحمەد لەکوردیەوە بۆ عەرەبی، رزگار شێخانی لەکوردیەوە بۆ سویدی، ئازاد بەرزنجی لە کوردیەوە بۆ فارسی و عەرەبی، فەتاح خەتاب لەکوردیەوە بۆ عەرەبی، نیھاد نەجار لە کوردیەوە بۆ عەرەبیِ، محمد حسێن لەکوردیەوە بۆ عەرەبی و ئینگلیزی، یوسف شوانی لەکوردیەوە بۆ عەرەبی، عەبدولڵا قەرەداغی لەکوردیەوە بۆ عەرەبی، موکەڕەم تاڵەبانی لەکوردیەوە بۆ عەرەبی، عوبدولخالق بەرزنجی لەکوردیەوە بۆ عەرەبی و ھەروەھا پێچەوانە، نەجات خۆشناو لەکوردیەوە بۆ عەرەبی.
ئەمە لەناو رۆژنامەنووسانیدا کەسانی شارەزا جێ پەنجەیان دیار بووە، نمونەی فەرھاد عەونی و عومەر فەرھادی، ھەروەھا لە ناو ھونەرمەندانیش، دڵشاد محەمەد سەعید و کامگارەکان و شەھرامی نازری و عەبدوڵا جەمال سەگرمە.
– کورد ناسی لەنیوان دۆست و نەیارە بیانییەکان.
کاتێ خوێندکارێکی قۆناغی باڵای زانستی لەسەروبەندی توێژینەوەیەکدایە و سەرقاڵی گەڕانە بەدوای داتا و بابەتی باوەڕپێکراو بەتایبەت لەبارەی مێژووی نوێی ھەرێم و دەورووبەری یان توێژەرێک یان رۆژنامەنووسێک، بەزۆری دەبینین دەگەڕێنەوە بۆ سەرچاوە پۆلێن کراوەکانی سەردەمی داگیرکاری ئینگڵیز، بەتایبەت ئەو نووسراو و داتایانەی، کە لەچوارچێوەی مۆزەخانەکانی رۆژئاوادا پارێزراون، نمونەی یاداشتەکانی ھاملتۆن و ریچ و مینۆریسکی و چەندانی تر.
کاتێ ئەڕوانیتە یاداشتەکانی گەریدەیەکی نموونەی ھاملتۆن بۆت رووندەبێتەوە ئەوان ئێمەیان لەخۆمان باشتر ناسیوەو لەچەندین شوێندا ئێمەیان بە خۆمان ناساندووە کە چین و کێین، ئەمە شتێک نییە لە خۆمەوە پەنجەی بۆ ببەم و قسەی لەبارەوە بکەم، بەڵکو راستییەکی حاشاھەڵنەگرە، کە واقیعی ناوەندە زانستییەکان لەدەیان شوێندا سەلماندوویانە، بەپشتبەستن بە توێژینەوەکان و بابەتە زانستییەکانی مێژووی نوێی ناوخۆ و ناوچەکە.
لەلایەکی ترەوە ئەگەر ھەندێک بەوردی بڕوانینە ئەو کەسانەی، کە لەوڵاتانی تر و نەتەوەکانی ترەوە دێنە ئێرە، بەھەر ھۆیەک بێت، وێڕای زمانەکە ھەوڵیانداوە لە ئاست کولتوورەکەشدا چاوکراوەبن و کاری بۆ بکەن، بۆیە بەپێی ئەزموون و چەند ساڵەی کاری رۆژنامەنووسیمان، ئاشنای زۆرێک لە خوێندکار و رۆشنبیر و ئەندازیار و ھونەرمەند و توێژەری جیاواز لە بوارەکان بووینەوە، نمونەی ھەردوو ھاوڵاتی بەرەگەز ئەمریکی (ئارت ی ئەندازیار و ئەندرۆ ی توێژەر)، ھەروەھا ئەحمەد شەوکەت بەرەگەز عەرەبی عێراقی، دەقی کوردی ئەکرد بەعەرەبی.
پێم وابێت زۆرێک لە رۆشنبیرانی ھەولێر و سڵیمانی لە نزیکەوە ئەندرۆ دەناسن، کە لەماوەکانی رابووردوودا سەرقاڵی چەندین لێکۆڵینەوە بوو لەسەر کلتووری کوردی، تارادەیەکی زۆر باشیش زمانی کوردی دەزانی و لەدەربڕینی وشەکاندا لەزۆربەمان شارەزاتر بوو، جیا لەمانە شارەزایەکی بەسەلیقەی ھەردوو رێباز و تەریقەتی (قادری و نەقشەبەندی) بوو، دەتوانم بڵێم لە کورد باشتر ئەو دوو رێبازەی ئەناسی.
ئەم نموونانەش بەرچاو روونیەکە بۆ ئەوانەی، کە تا ئێستا نە خۆیان ناسیوە بەباشی نە کورد، ھاتوون لاف و گەزاڤی مەدەنیەت لێدەدەن و بێشەرمانە قسە لەسەر رۆشنگەرایی وئیدۆلۆژیا و چەمکی کوردناسی دەکەن، ھەروەھا وانەیەک بێت بۆ ئەوانەی دەست بۆ وەرگێڕان دەبەن بێ ئەوەی بیرێک لەرەھەندەکانی تایبەت بە شوناس و ئیدیۆم و کولتوور و کەلەبووری سەرچاوەی دەقە بنەڕەتییەکان بکەنەوە.
– وەرگێڕانی پێچەوانە.
شتێک ھەیە پێی ئەوترێت وەرگێڕانی پێچە‌وانە، وەرگێڕمان ھەیە نزیکەی ٧٠ کتێبی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، بێ ئەوەی جارێک بیری لەوە کردبێتەوە کتێبێکی کوردی وەربگێڕێتە سەر زمانێکی تر، ئایا ئەمە بۆ خۆی دەلالەت لەوە ناکات کە کاکی وەرگێڕ زمانزان نیە و خەڵکی بەگەمژە دەزانێ..!؟
یان زۆرێک لەنووسەران نەیان ویستووە یان نایەنەوێ دەقەکانیان وەربگێردریت بۆ زمانەکانی تر بە ھەرھۆیەک بێت، ئایا ئەبێ بۆ ئەم رەفتارە چ خوێندنەوەیەکمان ھەبێ، کرچ و کاڵن یان دزی و ئیقتیباسی ئابڕوبەرانەیە..!؟ بۆ نموونە..
” ھەتاوەکو (عەلی ئەشرەفی دەروێشانی) مان نەخوێندەوە، نەمازانی چ کاریگەرییک و دزینێکی ئەدەبی ھەیە لە نێو کورد بۆ نموونە رۆمانی (کۆردەرە) لەکاتی خۆیدا چی ھەرایەکی نایەوە.
” ھەتاوەکو (فروغی فروغزاد)مان وەک خۆی نەخوێندەوە، نەمانزانی لە دیوانی (ئیگزیل) چ ئیقتیباسێکی ئاشکرا ھەیە.
” ھەتا (شارامی قەوامی)مان نەناسی، بێ ئاگا بووین لە کێشەی رۆمانی شاری مۆسیقارە سپییەکان.
” ھەتا فیلمی (شۆڕشی سێکسی)مان نەبینی، نەمازانی چی ئیقتیباسێکی راستەوخۆیە چیرۆکی (کەڵەکوڕان و ئاسکەکچان) چۆن و چی بووە.
” ھەتا (ئەزرا پاوەن)مان نەخوێندەوە شیعری کوردیمان نەناسی چ کەتنێ لە ئەدەبی رویداوە و بە ئاسانیش بەسەرماندا گوزەری دەکرد.
دەیان نمونەی تر، کە لەبەردەستن و کاتی خۆی بێت قسەیان لەبارەوە ئەکەین.
ھەموو ساڵی لە پێشانگای ھەولێری نێودەوڵەتی، کە دەزگای مەدا بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە سازی دەکات، کە دەیان دەزگای فیکری و رۆشنبیری وڵاتانی دونیا بەشدار دەبن بە کتێبی فیکری و مەعریفی… تاد، تێیدا ئەم پرسیارە دووپات ئەکەنەوە، کە کورد وەڵامی ناداتەوە، ئەویش ئایا کورد بۆچی فیکر ناخوێنێتەوە..!؟
ھۆکارە زانستیەکەی چیە، ئەم پرسیارە چیمان دێنیتەوە بیر..؟
لەچاو پێکەوتنێکیدا د. مارف خەزنەدار ھاتووە” لەشەستەکان دەچێتە روسیا (یەکێتی شورەوی) لەوێ یەکێک لە بیرمەندە ئەدەبیەکان پرسیارێکی ئاڕاستە دەکات و ئەڵێ ئێوە فکرتان ناوێ.. سەنعەتتان ناوێ.. ناتانەوێ بخوێننەوە.. خێرە ھەمووتان شاعیرن، لەکاتێکدا بەزمانی خۆتان ئەخوێننەوە، بۆ چی ناتانەوێت بەرووی جیھاندا بکرێنەوە..!؟
لەئەنجامی باسکردنی ئەو کفتۆگۆیەی خەزنەدار لە چاوپێکەوتنەکانیدا لە ھەفتاکان، حکومەتی ئەوسای عێراق توانی سود لەو ئاڕاستە مەعریفیە وەربگرێت و بیکاتە پڕۆژەیەکی نیشتیمانی و زەمالەی خوێندنی بۆ دەیان و سەدان خوێندکاری خۆی لەزۆرێک لەوڵاتانی ئەوروپا و روسیا و.. ھتد، وەربگرێ و بیانێرێتە دەرەوە بۆ دوو مەبەست، کرانەوەی بە رووی جیھان و ھەروەھا پێگەیاندنی کادری زانستی، لەوانەش گرنگتر فێربوونی زمان، پاشان بەو ھۆیەوە توانیان گەشە بەفیکری ناسیۆنالیستی عەرەبی خۆیان بدەن لەو چوارچێوەیەدا، بەڵام کورد نەیتوانی ئەو دەرفەتە بقۆزێتەوە و پێی وشیار بێ نە لەرابووردوو نە لە ئێستا، لەکاتێکدا پرسیارەکە ئاڕاستەکراو بوو بۆ کورد..!
بۆیە ئەوەی مەبەستمانە، گرنگیدانە بە وەرگێڕانی پێچەوانە لە بازنەیەکی نیشتیمانی دوور لە شەخسەنەو کروپی پاوانخواز، نمونەی ئەو پرۆژانەی لەزۆرێک لە وڵاتانی دونیا کاری لەسەر ئەکرێ و ئاستێکی باشیان بڕیوە، نمونەی ناوەندی ئەنمائی نەتەوەیی، کە توانیویانە تەبەنی پرۆژەیەک بکەن بەناوی (مشروع مگاع الێفدی للینابیع) بەھاوکاری گروپێک لە رۆشنبیرانی عەرەب (جۆرج ئەبی ساڵح و د. کەمال ئەستەفان و د. بەدرەدین عرودکی)، تەنانەت لۆگۆی سەر کتێبەکانیشیان لە جیھاندا ناسراوە.
اترك رد

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني.

آخر المواضيع